په‌یامنێری گۆڤاری په‌ڕه‌مووچ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین |
دیمانه‌ی ژاڵه به‌رزنجی
زانكۆ به درێژای مێژووی سه‌رهه‌ڵدان و گه‌شه‌كردنی له‌سه‌رجه‌م وڵاتان و كۆمه‌ڵگاكانی جیهاندا, فاكته‌ری سه‌ره‌كیی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری و مه‌عریفی تاكه‌كان و به‌رجه‌سته‌كردنی كۆمه‌ڵگه‌ی شارستانی بووه, پێگه‌ی پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌كی زانستی و ئه‌كادیمی بووه له‌سه‌رجه‌م ره‌هه‌ند و بواره‌كاندا, زانكۆكانی كوردستانیش هه‌نووكه گه‌شه‌كردنێكی به‌رچاویان به‌خۆیانه‌وه بینیوه, له‌گه‌ڵ بوونی كه‌موكوڕی زانستی و جۆرایه‌تی له‌و سۆنگه‌یه‌وه, په‌ڕه‌مووچ له‌باره‌ی چه‌ندین پرسی په‌یوه‌ندیدار به زانكۆ, چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ دكتۆر ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین سازداوه.
په‌ڕه‌مووچ: به‌ڕای جه‌نابتان زانكۆی سه‌ڵاحه‌ددین بووه‌ته ئه‌و مۆڵگه زانستیه‌ی كه له‌ڕووی زانستییه‌وه داهێنه‌ر دروست بكات؟
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: دیرۆكی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین له هه‌ولێر گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه كه خۆی له 30 ساڵ ده‌بینێته‌وه. دیرۆكێكی پڕ له ئه‌زموونه، ئه‌گه‌رچی له هه‌لومه‌رجێكی نائاساییدا تێپه‌ڕیووه‌و له‌ساڵانی هه‌شتاكاندا جه‌ختی رژێمی له‌سه‌ر بووه و كێشه‌و ئاریشای زۆری بۆ دروست كراوه، به‌ڵام له‌هه‌مان كاتیش‌دا ئه‌و جه‌خته بۆته هه‌وێن بۆ نه‌شوو نووما كردنی گه‌لێك هزری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمان په‌روه‌ری و فاكته‌رێكیش بووه بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌كی سیاسه‌ته داپلۆسێنه‌كان به‌چه‌كی زانست و مه‌عریفه، چونكه پێگه‌یشتن و تێگه‌یشتنی قوتابی و پێگه‌یاندنی بۆ ئاینده، به‌مانای دروستكردنی نه‌وه‌یه‌كی هۆشیارو چاپووك بووه له‌و نه‌ته‌وه‌یه كه له‌رێگه‌ی زانكۆوه گه‌لێك قۆناغی گرنگی بڕیووه به‌ره‌و به‌مه‌ده‌نی بوون، له‌نێو ئه‌و نه‌وانه‌دا كه له ده‌روازه‌ی زانكۆوه گه‌لێك مامۆستا‌و قوتابی داهێنه‌ری لێ دروست بووه، له تێكڕای بواره‌كانی زانست دا، هه‌ندێ له‌و داهێنه‌رانه سنووری ئیقلیمی خۆیان تێپه‌ڕاندووه‌و له زانكۆ جیهانیه‌كاندا باوه‌ڕ به داهێنانه‌كانیان كراوه وه‌ك نموونه‌ی ئه‌م وێنه له جیهاندا، دیاره ئه‌م سه‌ركه‌وتن و داهێنانه‌ش مایه‌ی شانازی بوونه بۆ زانكۆی سه‌لاحه‌ددین..
ئاستی ئه‌و داهێنانانه له‌به‌رزبوونه‌وه دابووه به‌پێی تێپه‌ڕبوونی زه‌مه‌ن و هه‌ڵومه‌رجه‌كانی كوردستان، ئه‌مڕۆكه‌ش قه‌واره‌ی ئه‌و داهێنه‌رانه‌ی له‌زانكۆی سه‌لاحه‌ددیندا هه‌نه, گرنگی تایبه‌تی خۆی هه‌یه به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌ر زانكۆیه‌كی دیكه‌ی كوردستاندا.
په‌ڕه‌مووچ: بۆچی هه‌میشه گله‌یی له‌وه ده‌كرێت كه زانكۆكانی كوردستان به‌گشتی و زانكۆی دایك كه سه‌لاحه‌ددین، ئاستی مه‌عریفیان دابه‌زیووه؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: گله‌یی له‌ئاستی زانستی و مه‌عریفی زانكۆی سه‌لاحه‌ددین ده‌كرێت، چونكه له‌ئاستی خۆزگه دانیه، نه‌ك به‌و مانایه‌ی كه ئه‌و ئاسته ته‌نها لای ئێمه نزم بێت، ئه‌م دیارده‌یه هه‌ر ته‌نها په‌یوه‌ست نیه به‌زانكۆی سه‌لاحه‌ددین. به‌ڵكو دیارده‌یه‌كی گشتی زانكۆكانی كوردستان و ئێراقه به‌ڵكو زانكۆكانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیشه كه ئه‌و كۆمه‌ڵێ هه‌لومه‌رجی سیاسی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی، رۆشنبیری.. وایان كردووه كه كۆمه‌ڵگای كوردستان له‌و ئاسته‌دا نه‌بێت له‌رووی زانستیه‌وه به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگا پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان، قوتابیش زاده‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌یه. كاتێ دێته زانكۆ ئاماده‌باشیه‌كی په‌روه‌رده‌یی و زانستی بۆنه‌كراوه بۆئه‌وه‌ی له‌زانكۆدا گه‌شه به مه‌عریفه‌ی خۆی بدات و رۆڵی ئێمه رۆڵێكی دیاریكراوه. كه ئه‌ویش گه‌یاندنی زانست و مه‌عریفه‌یه به قوتابی، ئینجا قوتابی چه‌ند توانستی وه‌رگرتنی ئه‌و گه‌یاندنه‌ی هه‌یه‌و چه‌ندیه‌تی ئه‌مه له‌سه‌ر خودی قوتابی ده‌وه‌ستێت.. له رابردوودا‌و له ئێستاشدا قوتابی كه‌وتۆته ژێر كۆمه‌ڵێ كاریگه‌ری ده‌ره‌كی، ئه‌و كاریگه‌ربوونانه رۆڵی خۆیان هه‌یه له‌و ئاسته فیكری و زانستیه‌ی ئێمه ئاواتی بۆ ده‌خوازین، ئه‌وه‌تا زۆرێك له‌و قوتابیانه‌ی نه‌كه‌وتوونه‌ته ژێر ئه‌و كاریگه‌رییه ئاستی زانستی و مه‌عریفیان له‌وپه‌ڕی به‌رزی دایه، كه‌واته هاوكێشه‌كه له قوتابیه‌ك بۆ ئه‌وی تریان ده‌گۆڕێ، دیارده‌یه‌كی گشتی نیه به‌سه‌ر هه‌موواندا وه‌ك یه‌ك.
په‌ڕه‌مووچ: مامۆستا له زانكۆكانی جیهان داڕێژه‌ری پلان و سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت له گشت بواره‌كاندا، به‌ڵام له كوردستان وه‌ك هه‌ست پێده‌كرێت، مامۆستا نه‌یتوانیوه ئه‌و كارێزما به‌هێزه بێت، هۆكاری ئه‌مه بۆچی ده‌گه‌ڕێته‌وه؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: راسته كه زانكۆ له وڵاته پێشكه‌وتووه‌كانی جیهان سه‌رچاوه‌یه بۆ نه‌خشه‌سازی وڵات له تێكڕای بواره سیاسی و كارگێڕی و زانستی و فیكری و ئابووری و بازرگانی و پیشه‌سازی و هتد... چونكه ئه‌و وڵاتانه ده‌یانه‌وێت بونیاتی وڵات و كۆمه‌ڵگاكانیان له‌سه‌ر بنه‌مایێكی زانستی دامه‌زرێنن كه مامۆستای زانكۆ نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات، ئه‌و مامۆستا زانكۆییانه له رێگه‌ی توێژینه‌وه‌كانیان و كه‌ره‌سته زانستیه‌كانی خۆیانه‌وه ده‌بن به پێوه‌ر بۆ چاكسازی و به‌رهه‌مهێنان و پێشكه‌وتن، له‌وڵاتی ئێمه‌دا پلان و نه‌خشه‌ی سیاسی وڵات زێتر له‌ده‌ست سیاسه‌ت مه‌داره‌كانه كه‌متر له‌وه‌ی له‌سه‌ر بنه‌ما زانستیه‌كاندا دارێژرابێت، ره‌نگه ئه‌م سیسته‌مه بێت وای كردبێت كه زۆرێك دیارده‌ی ناوازه دروست بێت كه درز‌و كه‌له‌به‌ری زۆری لێ بكه‌وێته‌وه‌و گه‌نده‌ڵی كارگێڕی بێته ئارا‌و ئاستی به‌رهه‌مهێنانی كه‌م بێته‌وه، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت خۆمان دووره په‌رێز رابگرین له‌و كێشه‌و درزانه ئه‌وه ده‌بێ ئه‌و خاڵانه ره‌چاو بكه‌ین.
1- پته‌وكردنی په‌یوه‌ندی حكومه‌ت و زانكۆ‌و پشت به‌ستن به ئه‌زموونه زانستیه‌كان و مامۆستا زانكۆییه‌كان بۆ داڕشتنی بڕیاره‌كان و دانانی سیسته‌می كارگێڕی.
2- هانی مامۆستایانی زانكۆ بدرێت كه بچنه نێو مه‌یدانه‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵی و به‌رهه‌مهێنان و دام و ده‌زگاكانی دیكه‌ی حكومه‌ت به‌مه‌به‌ستی پیاده‌كردنی ره‌وتی زانستی زانكۆیی له‌نێویاندا.
3- هاندانی مامۆستایانی زانكۆ بۆ چوونه ناو كه‌رتی تایبه‌ت و رۆڵ بینینیان له پێشخستنی ئه‌و كه‌رته له تێكڕای بواره‌كاندا.
په‌ڕه‌مووچ: قوتابیمان دواندووه پێی وایه كه‌زانكۆ ته‌نیا بۆ وه‌ده‌ستهێنانی بڕوانامه‌یه‌و به‌س، هه‌ندێكی دیكه‌ش ده‌ڵێن، زانكۆ جێگه‌یه‌ك نییه بۆ پێگه‌یاندنی تاك، به‌ڕێزتان ئه‌مه چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: بیروبۆچوونی قوتابیان له‌مه‌ڕ زانكۆ‌و خوێندن و ئاینده‌یان جیاوازه، ئه‌وانیش ئازادن له‌هه‌ر بیركردنه‌وه‌و بۆچوونێك هه‌یانبێت.. زۆرێك له‌وان پێیان وایه كه زانكۆ پردێكه بۆ گه‌یشتن به بڕوانانه‌و وه‌زیفه‌و ئیدی دوای گه‌یشتن به‌و مه‌رامه وه‌زیفه‌یه‌كی دیكه‌یان نامێنێ، جۆرێكی دیكه وای بۆ ده‌چێت كه چوونه ناو دونیای زانست سنورێكی بۆ نیه‌و دوای ته‌واو كردنی كۆلیژ ده‌یان خۆزگه‌ی دیكه‌یان دێته ڕێ..
جۆرێكی دیكه زانكۆ ده‌كاته فاكته‌رێك بۆ خۆچه‌ك كردنی به‌زانست و ئاواتی ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌و زانسته بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگاكه‌ی ته‌وزیف بكات ئه‌مه‌ش به ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی ده‌زانێت.. له‌هه‌موو حاڵه‌تێكا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت زانكۆ رۆڵی كاریگه‌ری خۆی هه‌یه له‌سه‌ر كه‌سایه‌تی قوتابی و ئاینده‌ی قوتابی. چونكه زانكۆ له‌نێو كۆمه‌ڵگادا هێمایه‌كه بۆ كه‌سیه‌تی سه‌ركه‌وتوو، بۆ هه‌ڵگرتنی ناونیشانێكی ره‌ونه‌قدار له‌به‌ر دیدی كۆمه‌ڵگا، زۆر جارانیش له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا زانكۆ ده‌كرێته پێوه‌ر بۆ كه‌سایه‌تی تاكێك و سه‌ركه‌وتن و سه‌رنه‌كه‌وتنی له ژیاندا.. بۆیه به‌هه‌ڵه داده‌چین ئه‌گه‌ر بڵێین زانكۆ پێگه‌یه‌ك نیه بۆ دروستكردنی كه‌سایه‌تی دیار له‌نێو كۆمه‌ڵگادا. هاتا خودی قوتابیش دوای ئه‌وه‌ی زانكۆ ته‌واو ده‌كات و ناونیشانی ده‌رچووی هه‌ڵده‌گرێت، ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی به‌رامبه‌ر به‌كۆمه‌ڵگاو به‌رامبه‌ر به‌خۆی زێتر ده‌بێت و ئه‌و شانازیه‌ی هه‌میشه له‌گه‌ڵ دایه كه ده‌رچووی زانكۆیه.
په‌ڕه‌مووچ: قوتابی له زانكۆ ئه‌وه‌نده‌ی حه‌زی لێیه له‌یانه‌ی قوتابیان و یاریكردن كات به‌سه‌ر به‌رێت، ئه‌وه‌نده حه‌زی له‌وانه خوێندن نییه، به‌ڕێتان هۆكاری ئه‌مه چۆن لێكده‌ده‌نه‌وه؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: ئه‌م هاوكێشه‌یه به‌سه‌ر هه‌موو قوتابیان به‌تێكڕایی پیاده ناكرێت. چونكه ئه‌وانیش جیاوازن له بیروڕاو بۆچوون و ئاره‌زوه‌كانیان، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێ قوتابی هه‌بن له‌هاوشێوه‌ی ئه‌وانه‌ی خوێندن په‌راوێز بكه‌ن و كاتی خۆیان به‌كاری بێ كه‌ڵك به‌سه‌ر به‌رن، ئه‌وه زۆرتر له‌وانه ئه‌و قوتابیه هۆشیاره كه‌م وێنانه‌ن كه له‌خوێندندا سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌ده‌ست دێنن و ئاواتی گه‌وره‌یان هه‌یه بۆ ئاینده‌ی خۆیان و سنوورێكیان نیه له‌وه‌ستان. هه‌ربۆ نموونه ئه‌و سه‌دان قوتابیانه‌ن كه به‌هۆی ئاواتی زۆریان بۆ خوێندن و ئه‌و پله نایابانه‌ی به‌ده‌ستی دێنن به‌ره‌و خوێندنی باڵا هه‌ڵده‌كشێن و مامۆستای كارامه‌و پسپۆر‌و خاوه‌ن ئه‌زموونیان لێ ده‌رده‌چێت، ئه‌گه‌ر قوتابی له‌به‌رنامه‌ی ژیانی رۆژانه‌ی دا‌و له‌كاتی فه‌راغدا ئه‌گه‌ر ماوه‌یه‌كیش بۆ ئاره‌زووی گه‌نجانه‌ی خۆشی ته‌رخان كات ئه‌مه شتێكی ئاساییه چونكه قوتابیش ئاده‌میزادێكه. به‌تایبه‌تی له‌و قۆناغه‌ی زانكۆدا كه له‌هه‌ڕه‌تی لاوی دایه.
په‌ڕه‌مووچ: زانكۆی سه‌لاحه‌ددین ساڵانه ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر قوتابی لێی ده‌رده‌چن و ده‌بنه خاوه‌ن بڕوانامه، به‌ڵام هێشتا هه‌ست به‌فه‌راغێك ده‌كرێت له‌بواری رۆشنبیری و مه‌عریفیدا، له‌داهاتوودا ئه‌و بۆشاییه به‌به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی دراسه‌ی زانكۆ چاره‌سه‌ر بێت؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: ئێستا زانكۆ چه‌ندین پرۆسه‌ی گرنگی له‌به‌رده‌ست دایه بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی توانستی قوتابیان و په‌ره‌پێدانی مه‌عریفی، سیسته‌می ئه‌مڕۆی خوێندن. سیسته‌مێكی شارستانی نوێیه‌و هاوكوفه له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنی زه‌مه‌ن و پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگا، به‌ڵام ئه‌ركه‌كه هه‌رته‌نها له‌ئه‌ستۆی زانكۆ دانیه، چونكه زانكۆ كارگه‌یه‌ك نیه بۆ دروستكردنی قوتابی به‌و شێوه‌یه‌ی زانكۆ‌و كۆمه‌ڵگا ئاواتی بۆ ده‌خوازێ. به‌ڵكو به‌شێكی زۆر له‌و پرسه ده‌كه‌وێته سه‌ر قوتابی خۆی كه خۆی به به‌رپرس بزانێ به‌رامبه‌ر به‌و نازناوه‌ی وه‌ك قوتابی زانكۆ هه‌ڵی ده‌گرێ، چونكه كارێكی نامۆیه قوتابی واهه‌ست بكات ئاستی مه‌عریفی له‌ئاستی كاسبكارێك نزمتره. ئه‌ی كه‌واته ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌ی خوێندن له‌پێناو چی بوون ئه‌گه‌ر كه‌سایه‌تیه‌كی هوشیارو تێگه‌یشتووی لێ نه‌ڕه‌خسابێت، له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌بێ قوتابی خۆی سه‌ركۆنه‌ی خۆی بكات و له‌خۆی رازی نه‌بێت.
په‌ڕه‌مووچ: به‌شی راگه‌یاندنی كۆلیژی ئه‌ده‌بیات به‌ده‌ست گرفتی بێ ستۆدیۆیی ده‌ناڵێنێت، ئایا به‌ڕای جه‌نابتان ده‌بێت به‌شێكی ئه‌كادیمی ئاوا ستۆدیۆی نه‌بێت؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: كێشه‌ی ئێمه له‌زانكۆدا هه‌ر ته‌نها نه‌بوونی ستۆدیۆیه‌ك نیه بۆ به‌شی راگه‌یاندن. به‌ڵكو به‌ده‌یان گرفت و كێشه‌ی ترن كه ئه‌م زانكۆیه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێ، ره‌نگه ئه‌و دیاردانه به‌خۆزگه‌ی ئێمه‌ش، به‌ڵام هێشتا زۆر خۆزگه هه‌ن نه‌هاتوونه‌ته دی. ئێمه وه‌ك سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی زانكۆ له‌نزیكه‌وه ئاگامان له كێشه‌كان هه‌یه له‌ئاستیاندا بێ ده‌نگ نه‌بووین. ئه‌وه‌ی بۆمان كرابێت هه‌وڵمان نۆی داوه، تا ئه‌و كاته‌ش به‌رپرسیاریه‌تی زانكۆمان له‌سه‌رشان بێت هه‌وڵی بۆ ده‌ده‌ین، به‌ڵام ئێمه‌ش نازانین چه‌ند له‌و هه‌وڵانه سه‌ر ده‌گرن و چه‌ند سه‌ر ناگرن.
په‌ڕه‌مووچ: زۆرجار گله‌یی له‌وه‌ده‌كرێت كه قوتابیانی ده‌رچووی زانكۆ كاتێك ده‌یانه‌وێت ماسته‌ر بخوێنن له‌سه‌ر بنه‌مای نمره نیه به‌ڵكو واسته رۆڵ ده‌بینێت، ئایا ئه‌مه چۆن روون ده‌كه‌یته‌وه؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: ئه‌وه‌ی ئێوه باسی لێوه ده‌كه‌ن دیارده‌ی ئه‌مڕۆكه نیه‌و ئێستا دوای كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ستێوه‌ردانی حزبی له كاروباری زانكۆدا‌و ئه‌و ره‌وته‌ی گراوه‌ته‌به‌ر بۆ وه‌رگرتنی قوتابی خوێندنی باڵا‌و مه‌رجه‌كانی بۆ ناڕه‌خسێنێ بۆ دیاۆده‌ی واسته‌و واسته‌كاری، نموونه‌ش ئه‌و قوتابیانه‌ن كه ئه‌مساڵ بۆ خوێندنی باڵا هه‌ڵبژێردران و ئه‌و رێنماییانه‌ی گرانه به‌ر بۆ ئه‌و وه‌رگرتنه تا رێچكه‌ی یاسایی و شه‌رعی خۆی وه‌ربگرێت.
په‌ڕه‌مووچ: له‌زۆربه‌ی زانكۆكانی دونیا قوتابی ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌ی داهێنه‌رانی هه‌بێت له‌رووی مادییه‌وه هاوكاری ده‌كرێت، به‌ڵام له كوردستان پلان و به‌رنامه‌ی ئاوا نابینرێت، بۆچی؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: ئێمه له چوارچێوه پرۆسه‌ی خوێندندا، به‌تایبه‌ت له‌بواری خوێندنی باڵادا په‌یڕه‌وی هاوكاری كردنی قوتابیانمان كردووه، كه ره‌نگه پرۆسه‌ی خوێندن له‌زانكۆكانی ئێمه له‌رووی خه‌رجیه‌وه به‌راورد نه‌كرێت له‌گه‌ڵ زانكۆكانی ده‌ره‌وه كه بارێكی ئێجگار قورس ده‌خاته سه‌ر قوتابی تا خوێندن ته‌واو ده‌كات، به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌م حاڵه‌ته ئه‌وه‌تا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌مساڵ بودجه‌یه‌كی گرانبه‌های بۆ خوێندنی باڵا له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان ته‌رخانكردو به‌سه‌دان قوتابی له‌سه‌ر ئه‌ركی حكومه‌ت ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه كراوه ئه‌مه‌ش هاندانێكی گه‌وره‌یه بۆ پێشخستنی ره‌وتی خوێندن له‌كوردستاندا.
په‌ڕه‌مووچ: راسته ده‌سه‌ڵاتی زانكۆ‌و مامۆستا له‌چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاتی یه‌كێتی قوتابیان دیوار به‌ند كراوه؟.
د. ئه‌حمه‌د دزه‌یی: هه‌ندێ پروپاگه‌نده له‌ملاو له‌ولا ده‌كرێن به‌ئامانجی شێواندنی رووی شارستانی زانكۆ كه ره‌نگه زۆر جاران ده‌چنه ژێر فشاری ململانێی حزبایه‌تیه‌وه جێگه‌ی متمانه‌نین. چونكه ئه‌مڕۆكه نه یه‌كێتی قوتابیان و نه هیچ رێكخراوێكی دیكه‌ی ده‌ره‌كی رێگه به‌خۆی نادات له‌سنووری پسپۆریه‌تی خۆی ده‌رچێت و ده‌ست له كاروباری زانكۆ وه‌ربدات... گرنگیشه ئه‌گه‌ر رێكخراوه‌كانی قوتابیان له زانكۆدا رۆڵی خۆیان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی قوتابیان و پرۆسه‌ی خوێندندا به‌رجه‌سته بكه‌ن.
تێبینی: ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له ژماره یه‌كی گۆڤاری په‌ڕه‌مووچدا بڵاو كراوه‌ته‌وه
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق